سورەت 6 · جوزء 8

سورة الأنعام · 6:148

سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلَا آبَاؤُنَا وَلَا حَرَّمْنَا مِنْ شَيْءٍ ۚ كَذَٰلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ حَتَّىٰ ذَاقُوا بَأْسَنَا ۗ قُلْ هَلْ عِنْدَكُمْ مِنْ عِلْمٍ فَتُخْرِجُوهُ لَنَا ۖ إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنْ أَنْتُمْ إِلَّا تَخْرُصُونَ

له‌مه‌ودوا موشریک و هاوه‌ڵگه‌ران ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر خوا بیویستایه هاوه‌ڵمان بۆ بڕیار نه‌ده‌دا!! باوو باپیرانیشمان موشریک نه‌ده‌بوون!! هیچ شتێکیشمان له خۆمان حه‌رام نه‌ده‌کرد!! (ئه‌مانه هه‌مووی قسه‌ی به‌تاڵه و هه‌رگیز خوای گه‌وره زۆر له که‌س ناکات بۆ باوه‌ڕ هێنان یان بێ باوه‌ڕی) هه‌ر به‌و شێوه‌یه ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌مانیش درۆ و بوختانیان هه‌ڵده‌به‌ست، هه‌تا تووشی به‌ڵای ئێمه بوون و سزای ئێمه‌یان چه‌شت، پێیان بڵێ: ئایا هیچ زانیاری و زانستیه‌کی خوایتان له‌لایه‌، تا نیشانمان بده‌ن و بۆمان ده‌ربخه‌ن؟ ئێوه شوێنی هیچ شتێکی تر ناکه‌ون جگه له‌گومان و ئێوه هیچ شتێکی تر ناکه‌ن مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت که درۆ ده‌که‌ن.

تەفسیر

بتپەرستە موشریکەکان ویست و مەشیئەت و قەدەری خوای گەورە دەكەنە بەڵگە بۆ خۆیان لە سەر دروستی ھاوبەشی بت و خواکانیان لەگەڵ خوای گەورەدا و دەڵێن: ئەگەر خوای گەورە بیویستایە ئەوا نە ئێمە و نە باوباپیرانمان ھاوبەشمان بۆ دانەدەنا، وە ئەگەر خوای گەورە نەیویستایە ئەو شتانە حەرام بكەین کە خۆمان لەسەر خۆمان حەراممان کردبوو، ئەوا نەماندەتوانی حەرامی بکەین، وە بە ھاوشێوەی ئەو بەڵگە پڕوپوچانە ئوممەتانی پێشووتریش پێغەمبەرەکانی خۆیانیان بەدرۆ زانی وباوەڕیان پێ نەکردن و وتیان: ئەگەر خوای گەورە نەیویستایە کە ئێمە ئەو پێغەمبەرانە بەدرۆ بزانین ئەوا بەدرۆمان نەدەزانین، بەردەوام بوون لەسەر ئەم بێباوەڕییەیان تاوەکو سزا و قاری ئێمەیان بۆ ھات و چەشتیان، جا - ئەی پێغەمبەر- بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: ئایا ھیچ بەڵگەیەکتان ھەیە کە خوا ڕازیە لەوەی کە ئێوە بتپەرست و موشریک بن، وە ئەوەی خوای گەورە حەرامی کردووە حەڵاڵی بکەن، وە ئەوەی ئەو حەڵاڵی کردووە ئێوە حەرامی بکەن؟ تەنھا ئەنجامدانی ئەوانە لەلایەن ئێوەوە بەڵگە نییە لەسەر ڕازی بوونی خوای گەورە لەکارەکانتان، بێگومان لەوەدا تەنھا دوای گومان وگومڕایی کەوتوون، وە بەڕاستی گومان و دوو دڵیش مرۆڤ لەڕاستی بێ نیاز ناکات وجێی ھەقیقەت و ڕاستی ناگرێتەوە، وە ئێوە لە خۆتانەوە دەخەڵمێنن و درۆ دەکەن، وە ئێوە ھیچ شتێک نین جگە لە کۆمەڵە درۆزنێك نەبێت.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە