سورەت 6 · جوزء 8

سورة الأنعام · 6:128

وَيَوْمَ يَحْشُرُهُمْ جَمِيعًا يَا مَعْشَرَ الْجِنِّ قَدِ اسْتَكْثَرْتُمْ مِنَ الْإِنْسِ ۖ وَقَالَ أَوْلِيَاؤُهُمْ مِنَ الْإِنْسِ رَبَّنَا اسْتَمْتَعَ بَعْضُنَا بِبَعْضٍ وَبَلَغْنَا أَجَلَنَا الَّذِي أَجَّلْتَ لَنَا ۚ قَالَ النَّارُ مَثْوَاكُمْ خَالِدِينَ فِيهَا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ ۗ إِنَّ رَبَّكَ حَكِيمٌ عَلِيمٌ

ڕۆژێک دێت خوا هه‌مووانیان کۆ ده‌کاته‌وه و (به‌خه‌شم و قینه‌وه ده‌فه‌رموێت): ئه‌ی ده‌سته‌ی په‌ریه‌کان به‌ڕاستی ئێوه زۆر که‌ستان له ئینسانه‌کان گومڕاکرد، له‌ولاشه‌وه گوێ له مشته‌کانیان، (له خه‌ڵکی نه‌گبه‌ت و ڕه‌نجه‌ڕۆ) ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا هه‌ندێکمان سوودمان له هه‌ندێکیان وه‌رگرت (سوودی ئینسانه‌کان ڕابواردن سامان کۆکردنه‌وه بوو، سوودی په‌ریه‌کانیش پێڕی خۆیانیان زۆرکرد به‌گومڕاکردنی خه‌ڵکێکی زۆر)، ئێستاش ئه‌وه‌ته گه‌یشتووینه‌ته ئه‌وکات و ساته‌ی تۆ بۆت دیاری کردووین، خوایش فه‌رمووی: (ماده‌م وایه‌) ئه‌م ئاگره جێگه‌تانه نه‌مرن تیادا، مه‌گه‌ر خوا ویستی له‌سه‌ر بێت (به سزایه‌کی تر سزایان بدات)، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم) ئه‌ی ئیماندار) داناو زانایه‌.

تەفسیر

ئەی پێغەمبەر ئەو ڕۆژە بھێنەرە یادی خۆت کە خوای گەورە ھەرچی مرۆڤەکان و جنۆکە ھەیە کۆ دەکاتەوە، پاشان خوای گەورە پێیان دەڵێ: ئەی گرۆی جنۆکە زۆرێک لەمرۆڤەکانتان گومڕا وسەرلێشێواو کرد وڕێگریتان لێکردن لەباوەڕھێنان و ڕێگای خوا، شوێنکەوتوانیان لە مرۆڤەکان وەڵامی پەروەردگاریان دەدەنەوە و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ڕاستە ھەرکەسێک لەئێمە تام ولەزەتی برد لەگەڵ ھاوڕێکەیدا، جنۆکە تام و لەزەتی برد بە گوێڕایەڵی کردنی مرۆڤەکان بۆی، وە مرۆڤەکانیش تام و لەزەتیان برد بە بەدەستھێنانی خۆشی و شەھوەتەکانیان، تا ئەوەی گەیشتین بەو ئەجەل و کاتەی کە تۆ دیاریت کردبوو بۆمان، ئا ئەمە ڕۆژی دواییە وگێرۆدەی کار و کردەوەی خۆمان بووین، خوای گەورەش دەفەرموێت: لە تۆڵەی ئەوەدا ئاگری دۆزەخ شوێنی مانەوەی ھەتا ھەتایی ئێوەیە، مەگەر خوای گەورە مەیل و ویستی خۆی هەبێت کە ماوەیەک لە نێوان زیندوو بوونەوەیان لە گۆڕەکانیان تاوەکو سەرەنجامیان بەرەو دۆزەخ بێ سزا بن، خوای گەورە ئەو ماوەی جیا کردوەتەوە کە بەھەمیشەیی نەبن لەناو ئاگری دۆزەخدا، بێگومان پەروەردگارت -ئەی پێغەمبەر- زۆر دانا و کار بەجێیە لە ئەندازەگیری دروستکراوەکانی و بەڕێوەبردنیان، وە زۆریش زانا و بە ئاگایە بەبەندەکانی، کە کامیان شایستەی سزای دۆزەخە.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە