سورەت 47 · جوزء 26

سورة محمد · 47:4

فَإِذَا لَقِيتُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا فَضَرْبَ الرِّقَابِ حَتَّىٰ إِذَا أَثْخَنْتُمُوهُمْ فَشُدُّوا الْوَثَاقَ فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً حَتَّىٰ تَضَعَ الْحَرْبُ أَوْزَارَهَا ۚ ذَٰلِكَ وَلَوْ يَشَاءُ اللَّهُ لَانْتَصَرَ مِنْهُمْ وَلَٰكِنْ لِيَبْلُوَ بَعْضَكُمْ بِبَعْضٍ ۗ وَالَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَلَنْ يُضِلَّ أَعْمَالَهُمْ

(ئه‌م فه‌رمانه‌بۆ کاتی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ک له‌گۆره‌پانی جه‌نگدا) جا کاتێک گه‌یشتن به‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون، بێنه ده‌ست لێیان و له‌گه‌ردنیان بده‌ن (ئه‌گینا ئه‌وان ئێوه ده‌کوژن)، تا کاتێک کوشتاری زۆریان لێ ده‌که‌ن، ئینجا که‌هێزیان نه‌ما، به‌دیل بیانگرن به‌توندی باڵبه‌ستیان بکه‌ن، ئه‌وسا یه‌کێک له‌م دوو کاره‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بده‌ن: یان به‌پیاوه‌تی و منه‌ت، یاخود به‌گۆڕینه‌وه‌و فیدیه ئازادیان بکه‌ن، تا شه‌ر کۆتایی دێت و ئاسه‌واری نامێنێت و دوژمنان چه‌ک داده‌نێن، بڕیاره‌که ئاوهایه‌، ئه‌گه‌ر خوا بیویستایه خۆی تۆڵه‌ی لێ ده‌سه‌ندن، به‌ڵام ده‌یه‌وێت به‌یه‌کتر تاقیان بکاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش له‌پێناوی خوادا شه‌هید بوون، هه‌رگیز پاداشتی هه‌وڵ و کۆششیان به‌زایه نادات.

تەفسیر

جا کاتێک کە لەگەڵ بێباوەڕان لە جەنگدا ڕووبەڕوو بوونەوە و بەیەک گەیشتن لە گەردنیان بدەن تا کاتێک کە زۆرتان لێ کوشتن و سەرکەوتن و ورەیان ڕووخا بەدیل بیانگرن و بەتوندی باڵبەستیان بکەن، ئەوسا یان بەپیاوەتی و منەتبار کردنیان ئازادیان بکەن بێ بەرامبەر، یان فیدیەیان لێ وەرگرن بە (ماڵ و پارە یان ھەر شتێک کە گونجاو بێت بۆ کۆمەڵگای مسوڵمانان...) بەردەوام بن لە کوشتن و دیل گرتنیان، تا ئەو کاتەی شەڕ کۆتایی دێت بە ئیسلام بوونیان یا بێباوەڕێکی ئاشتی خواز و شەڕنەکەر، ئەوەی کە باسکراوە بۆ ئەوەیە کە موسوڵمانان بە بێباوەڕان تاقی بکاتەوە، ئا بەو شێوەیە ڕۆژەکان دێن و دەچن لە نێوان باوەڕداران و کافراندا، (ڕۆژێک سەرکەوتن و ڕۆژێک شکست خواردن) ئەگەر (اللە تعالی) ویستی بووایە پێویستی ئەوەی نەئەکردن بچنە جەنگەوە لە گەڵ بێباوەڕاندا، ھەر بۆ خۆی لەناوی دەبردن، بەڵام ئەیەوێت ھەندێکتان بە ھەندێکتان تاقی بکاتەوە، واتە ئەوانە تاقی بکاتەوە کە بەشداری جیھاد و غەزایان کردووە و ئەوانەی بەشداریان نەکردووە، وە موسوڵمانان بە بێباوەڕان تاقی بکاتەوە و دەرکەوێ ئاخۆ تاقەت و توانای ئەوەیان ھەیە لە ڕێی (اللە تعالی) بچن بۆ غەزا و لە ڕێی ئیسلامدا گیانی خۆیان بەخت بکەن، ئەوانەی ئیمان و باوەڕیان بە (اللە تعالی) ھێناوە لەو ڕێیەدا گیانی خۆیان بەخت کردووە دەچنە بەھەشت، وە ئەوەی بێباوەڕە و لەو ڕێگایەشدا کوژرا، بەرەو جەھەنەم پەلکێش دەکرێت، ئەوانەی لە ڕێی (اللە تعالی) کوژران ئەوە قەت (اللە تعالی) کردەوەکانیان بە فیڕۆ نادات.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە