سورەت 24 · جوزء 18

آية النور · سورة النور 24:35

۞ اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ مَثَلُ نُورِهِ كَمِشْكَاةٍ فِيهَا مِصْبَاحٌ ۖ الْمِصْبَاحُ فِي زُجَاجَةٍ ۖ الزُّجَاجَةُ كَأَنَّهَا كَوْكَبٌ دُرِّيٌّ يُوقَدُ مِنْ شَجَرَةٍ مُبَارَكَةٍ زَيْتُونَةٍ لَا شَرْقِيَّةٍ وَلَا غَرْبِيَّةٍ يَكَادُ زَيْتُهَا يُضِيءُ وَلَوْ لَمْ تَمْسَسْهُ نَارٌ ۚ نُورٌ عَلَىٰ نُورٍ ۗ يَهْدِي اللَّهُ لِنُورِهِ مَنْ يَشَاءُ ۚ وَيَضْرِبُ اللَّهُ الْأَمْثَالَ لِلنَّاسِ ۗ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ

خوا نوورو ڕووناکی ئاسمانه‌کان و زه‌ویه (نوورو ڕووناکی به‌خشه پێیان)، نموونه‌ی نوورو ڕووناکیه‌که‌ی وه‌ك تاقێك وایه چرایه‌کی تێدا بێت، چراکه‌ش له‌ناو شووشه‌یه‌کدا بێت شووشه‌که‌ش وه‌ك هه‌ساره‌یه‌کی گه‌ش و پرشنگدار وابێت و داگیرسابێت به ڕۆنی دره‌ختی موباره‌ك و به‌فه‌ڕی زه‌یتوون، ڕووی نه له ڕۆژ هه‌ڵات و نه له ڕۆژ ئاوا بێت (له شوێنێکدا بێت به‌یانی و ئێواره خۆر لێ بدات)، ڕۆنه‌که‌شی (ئه‌وه‌نده پاك و بێگه‌رده‌) خه‌ریکه خۆی دابگیرسێت و ڕووناکی بداته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئاگریش لێی نه‌دات، ئه‌و هیدایه‌ت و ڕێنموویی یه که قورئانه ڕووناکی یه له‌سه‌ر ڕووناکی، خوایش هیدایه‌تی ئه‌و که‌سانه ده‌دات که ده‌یه‌وێت و شایسته‌ن بۆ لای نووری خۆی که قورئانه‌، خوا چه‌نده‌ها نموونه ده‌هێنێته‌وه بۆ خه‌ڵکی (تا له نموونه مه‌عنه‌ویی یه‌کان تێبگه‌ن) خوایش به‌هه‌موو شتێك زانایه‌...

تەفسیر

اللە تەعالا نوور و ڕووناکی ئاسمانەکان و زەوییە، وە ھیدایەتدەر و ڕێنوماییکاری ئەوەی تێیاندایە، نمونەی نوور و ڕووناکییەکەی (پاکوبێگەردی بۆ ئەو) لە دڵی باوەڕداردا وەک تاقی ناو دیوارێکی بێ دەرچەیە، ئەو تاقە چرایەکی پرشنگداری پڕ نووری گەورەی تێدا کۆ بووبێتەوە و پەرت نەبووبێت، ئەو چرایەش لە شوشەیەکی سافی درەوشاوەدا بێت، ئەو شوشەیەش وەکو ئەستێرەیەکی گەش و درەوشاوە وابێت، ئەو چرایەیش بە زەیتی دار زەیتونێکی پڕ فەڕ و بەرکەت دابگیرسێت، ئەو دار زەیتونەیش ھیچ شتێک لە ڕوناکی و ڕۆشنایی تیشکی خۆر نایشارێتەوە نە لە بەیانیان و نە لە ئێواراندا ، زەیتی زەیتونەکەیش ھێندە پاکو خاوێنە نزیکە ھەر لەخۆیەوە گڕ بگرێت و ڕووناک بێتەوە بێ ئەوەی ئاگریشی بەرکەوێت، چی جای ئەگەر ئاگری بەرکەوێت دەبێت چۆن گڕ بگرێت و بدرەوشێتەوە؟! ڕووناکی لەسەر ڕووناکییە، ڕووناکی چراکە لەسەر ڕووناکی شوشەکەیە، ئەمەش دڵی باوەڕدارە کاتێک ڕووناک دەبێتەوە بە نوور و ڕووناکی ھیدایەت، اللە تەعالا ھەر کەسێکی ویست لە بەندەکانی موەفەقی دەکات کە بۆ شوێنکەوتنی ڕووناکی قورئان، وە ئەو ھەمیشە نموونە دەھێنێتەوە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی باشتر و چاکتر تێبگەن، وە اللە تعالا زانا و ئاگادارە بەھەموو شتێک، وە ھیچی لانھێنی و شاراوە نییە.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە