سورەت 24 · جوزء 18

سورة النور · 24:33

وَلْيَسْتَعْفِفِ الَّذِينَ لَا يَجِدُونَ نِكَاحًا حَتَّىٰ يُغْنِيَهُمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ ۗ وَالَّذِينَ يَبْتَغُونَ الْكِتَابَ مِمَّا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ فَكَاتِبُوهُمْ إِنْ عَلِمْتُمْ فِيهِمْ خَيْرًا ۖ وَآتُوهُمْ مِنْ مَالِ اللَّهِ الَّذِي آتَاكُمْ ۚ وَلَا تُكْرِهُوا فَتَيَاتِكُمْ عَلَى الْبِغَاءِ إِنْ أَرَدْنَ تَحَصُّنًا لِتَبْتَغُوا عَرَضَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۚ وَمَنْ يُكْرِهْهُنَّ فَإِنَّ اللَّهَ مِنْ بَعْدِ إِكْرَاهِهِنَّ غَفُورٌ رَحِيمٌ

ده‌با ئه‌وانه‌ی هاوسه‌ریان ده‌ست ناکه‌وێت هه‌وڵ بده‌ن داوێنی خۆیان پاك ڕابگرن، هه‌تا خوا له فه‌زڵی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندو بێ نیازیان ده‌کات، ئه‌و که‌سانه‌ش که ده‌یانه‌وێت خۆیان ڕزگار بکه‌ن له به‌نده‌کانتان و خۆیان بکڕنه‌وه‌، ئه‌وه ئێوه له‌گه‌ڵیاندا ڕێك بکه‌ون و ڕێگه‌ی ئازادییان بۆ ئاسان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر خێرتان تێدا به‌دی ده‌کردن و له‌و ماڵ و سامانه‌ی که خوا پێی به‌خشیوون به‌شیان بده‌ن و به‌زۆر که‌نیزه‌که‌کانتان هانمه‌ده‌ن بۆ داوێن پیسی، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پاك داوێنیان ده‌ویست (ده‌بێت پیاوی ئازاد زیاتر پاکداوێنی مه‌به‌ست بێت)، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه چه‌وته‌وه ماڵ و سامانی ژیانی دنیا به‌ده‌ست بهێنن، جا ئه‌وه‌ی به‌زۆر ئه‌و گوناهه‌یان پێ بکات، ئه‌وه به‌ڕاستی خوا دوای ئه‌و زۆر بۆ هێنانه‌یان لێخۆش بوو میهره‌بانه‌و چاوپۆشیان لێ ده‌کات.

تەفسیر

ئەو کەسانەی لەبەر ھەژاری و نەداری توانای ژنھێنانیان نییە ئەوا با داوێنی خۆیان پاک ڕابگرن و دوور بکەونەوە لە زینا و کاری نابەجێ، تا ئەو کاتەی اللە تەعالا لە فەزڵ و چاکەی خۆی دەوڵەمەند و بێ نیازیان دەکات، وە ئەو کۆیلانەیش داوای نووسراوی ئازادکردن و خۆکڕینەوە لە گەورەکانیان دەکەن لەبەرامبەر پێدانی بڕێک پارە کەلەسەری ڕێک دەکەون، ئەوا پێویستە لەسەر گەورە و خاوەنەکانیان بەو داواکارییە ڕازی بن ئەگەر خێر و چاکەی دین و توانای کارکردن و خۆ ئازادکردنیان لێ بەدی کردن، وە پێویستە لەسەریان بڕێک پارە لەو ماڵ و سامانەی اللە تەعالایان بدەنێ کە پێی بەخشیوون، بەوەی ھەندێک لەو بڕە پارەیەی لە گرێبەستی ئازاد کردنەکەدا لەسەری ڕێککەوتون لەسەریان بسڕنەوە، وە ھەرگیز لەپێناو پارە و پوڵ کەنیزەکەکانتان ناچار بە زینا و داوێن پیسی نەکەن بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە ھەندێک ماڵ و سامان پێکەوە بنێن، ھەروەکو عەبدوڵای کوڕی ئوبەی (سەرکردەی دووڕووەکانی مەدینە) ئەنجامیدا لەگەڵ دوو کەنیزەکەکەی کاتێک ئەوان حەزیان بەداوێن پاکی و دوور کەوتنەوە لە زینا کرد بوو، کەچی ئەو زۆری لێدەکردن بۆ ئەوەی لەشفرۆشی بکەن تاوەکو پارە و پولیان پێ پەیدا بکات، وە ھەرکەسێک لە ئێوە ناچاریان بکات لەسەر ئەو کارە قێزەونە، ئەوە بێگومان اللە تەعالا لە دوای ناچارکردنیان لێیان خۆش دەبێت و بەزەییان پێدا دێتەوە و میھرەبانە بەرامبەریان، چونکە ھیچ دەسەڵاتی ئەوانی تێدا نەبووە و ناچار بەو کارە کراون، وە گوناھی ئەو کارەیش لەسەر ئەو کەسەیە زۆری لێکردوون و ناچاری کردوون.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە