سورەت 73 · جوزء 29

سورة المزمل · 73:20

۞ إِنَّ رَبَّكَ يَعْلَمُ أَنَّكَ تَقُومُ أَدْنَىٰ مِنْ ثُلُثَيِ اللَّيْلِ وَنِصْفَهُ وَثُلُثَهُ وَطَائِفَةٌ مِنَ الَّذِينَ مَعَكَ ۚ وَاللَّهُ يُقَدِّرُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ ۚ عَلِمَ أَنْ لَنْ تُحْصُوهُ فَتَابَ عَلَيْكُمْ ۖ فَاقْرَءُوا مَا تَيَسَّرَ مِنَ الْقُرْآنِ ۚ عَلِمَ أَنْ سَيَكُونُ مِنْكُمْ مَرْضَىٰ ۙ وَآخَرُونَ يَضْرِبُونَ فِي الْأَرْضِ يَبْتَغُونَ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ ۙ وَآخَرُونَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ۖ فَاقْرَءُوا مَا تَيَسَّرَ مِنْهُ ۚ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَقْرِضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا ۚ وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِكُمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ هُوَ خَيْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا ۚ وَاسْتَغْفِرُوا اللَّهَ ۖ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ

به‌ڕاستی ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ت چاك ده‌زانێت که تۆ نزیکه‌ی دوو به‌شی شه‌و یاخود نیوه‌ی یان سێیه‌کی هه‌ڵده‌سیت و شه‌ونوێژ ده‌که‌یت، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌وانه‌ی که له گه‌ڵتان، خوا ئه‌ندازه‌ی شه‌وو ڕۆژ دیاری ده‌کات، خوا زانیویه‌تی که ئێوه هه‌رگیز نازانن دیاریی بکه‌ن و ئاماری بکه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌یکردایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه ته‌وبه‌ی لێوه‌رگرتن، جا چه‌ندتان توانی و چۆنتان بۆ لوا له شه‌ونوێژو له کاتی تردا قورئان بخوێنن و ده‌وری بکه‌نه‌وه‌، چونکه ئه‌و خوایه میهره‌بانه‌و ده‌زانێت، له‌وانه‌یه که‌سانێکتان لێ نه‌خۆش بکه‌وێت و که‌سانی تریش ببن له زه‌ویدا بگه‌ڕێن به‌شوێن بازرگانی و فه‌زڵی خواداو که‌سانی تر له داهاتوودا بجه‌نگن بۆ لابردنی کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێی دینی خواو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و، که‌واته چه‌نده‌تان بۆکرا ئه‌وه‌نده قورئان بخوێنن و نوێژه‌کانتان به‌چاکی ئه‌نجام بده‌ن و زه‌کاتیش (به‌و شێوه‌یه‌ی دیاریکراوه‌) بیده‌ن و قه‌رز به‌شێوه‌یه‌کی جوان به‌خوا بده‌ن (ئه‌وه‌ی بۆ خوا ببه‌خشرێت خوای گه‌وره به‌قه‌رزێکی داده‌نێت که به‌زاتی خۆی درا بێت) هه‌ر ده‌ست پێشکه‌ریه‌کی چاکه بکه‌ن بۆ خۆتان سبه‌ی ده‌یبیننه‌وه لای خوا ده‌ستان ده‌که‌وێته‌وه به باشترو پاداشتی گه‌وره‌تر، ده داوای لێخۆشبوون هه‌ر له خوا بکه‌ن و دڵنیابن ئه‌و خوایه لێخۆشبوو میهره‌بانه‌.

تەفسیر

-ئەی پێغەمبەر- بێگومان پەروەردگارت دەزانێت کە تۆ کەمتر لە دوو لەسەر سێی شەو یان نیوەی یان سێ یەکی شەو ھەڵدەستیت بۆ شەو نوێژکردن، وە ھەروەھا دەزانێت کە ھەندێک لە ھاوەڵەکانیشت ھەر بەو شێوەیەن، خوای گەورە ئەندازەی شەو وڕۆژ دیاری دەکات، ھەر بەو شێوەیەش اللە -تەعالا- دەزانێت کە ئێوە ناتوانن کە ئەو ئەندازەیە دیاری بکەن وئەرکی شەو نوێژ کردن بەو شێوەیە جێبەجێ بکەن، ھەر بۆیە پەروەردگار تەوبە وپەشیمانی لێوەرگرتن، جا ھەر چەندێکتان توانی لە شەونوێژ کردن وقورئان خوێندن ئەنجامی بدەن، چونکە اللە -تەعاﻻ- دەزانێت کە ھەندێکتان نەخۆش دەکەون و (ئەوەتان پێناکرێت) یان ھەندێکی ترتان سەفەر دەکات بۆ بازرگانی و بەدەست ھێنانی فەزڵ وڕزق وڕۆزی پەروەردگار، یان ھەندێکی تر لە پێناو اللە -تەعاﻻ- دژی کافرەکان دەجەنگێت بۆئەوەى وشەی الله بەرز بێت، جا ھەرچەندێکتان توانی قورئان بخوێنن ونوێژەکانتان بکەن وزەکاتی ماڵیشتان بدەن بەو شێوەیەی کە اللە دیاری کردووە، وە قەرز بدەن بە اللە -تەعاﻻ- بە قەرزێکی جوان (واتە ماڵ ببەخشن لە پێناو خوادا بەبەخشینێکی جوان) وە ھەرچی پێش دەستی خۆتان بخەن لە خێر وچاکە بۆ دواڕۆژتان ئەوە لەلای اللە -تەعاﻻ- دەیبیننەوە، ئەوەشی لای اللە یە باشتر وگەورەترە، جا داوای لێخۆشبوون بکەن لە پەروەردگار چونکە ھەر ئەو زاتە خوایەکی لێبووردە ومیھرەبانە.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە