سورەت 7 · جوزء 9

سورة الأعراف · 7:169

فَخَلَفَ مِنْ بَعْدِهِمْ خَلْفٌ وَرِثُوا الْكِتَابَ يَأْخُذُونَ عَرَضَ هَٰذَا الْأَدْنَىٰ وَيَقُولُونَ سَيُغْفَرُ لَنَا وَإِنْ يَأْتِهِمْ عَرَضٌ مِثْلُهُ يَأْخُذُوهُ ۚ أَلَمْ يُؤْخَذْ عَلَيْهِمْ مِيثَاقُ الْكِتَابِ أَنْ لَا يَقُولُوا عَلَى اللَّهِ إِلَّا الْحَقَّ وَدَرَسُوا مَا فِيهِ ۗ وَالدَّارُ الْآخِرَةُ خَيْرٌ لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ ۗ أَفَلَا تَعْقِلُونَ

جا له دوای ئه‌وان نه‌وه‌یه‌کی نوێ جێگه‌ی ئه‌وانی گرته‌وه ته‌وراتیان به‌میراتی وه‌رگرت، ئه‌وانه (به په‌رۆشه‌وه‌) په‌لاماری که‌لوپه‌لی (حه‌رامی) ئه‌م دنیایه ده‌ده‌ن و ده‌شڵێن چاوپۆشیمان لێده‌کرێت، خۆ ئه‌گه‌ر که‌لوپه‌لێکی تریان بۆ بێت وه‌ک ئه‌و، ئه‌وه وه‌ریده‌گرن و ده‌یماشنه‌وه (چاویان تێرنابێت)، باشه‌، ئایا ئه‌وانه له‌ڕێگه‌ی ته‌وراته‌وه په‌یمانیان لێ وه‌رنه‌گیراوه که به‌ناوی خواوه شتێک نه‌ڵێن جگه‌له حه‌ق و ڕاستی؟ خۆ هه‌رچی له ته‌وراتدا هه‌یه‌، ئه‌وانه خوێندویانه‌و ده‌یزانن!!، بێگومان ماڵی قیامه‌ت، به‌هه‌شتی به‌رین، چاکتره بۆ ئه‌وانه‌ی که خواناسی و دینداری ده‌که‌نه کاڵای باڵایان، باشه ئه‌وه تاکه‌ی ژیرنابن؟! (بۆ ئه‌وه‌نده دنیا په‌رستن)؟!

تەفسیر

کەچی دوای ئەوان کۆمەڵێکی خراپەكار جێی ئەوانی گرتەوە، تەوراتیان لە پێشینەکانی خۆیانەوە وەرگرت ، دەیانخوێندنەوە بەڵام کاریان پێ نەدەکرد، کەل و پەل و کاڵای دونیایان وەک بەرتیل وەردەگرت تاوەکو کتێب و پەرتوکەکەی خوای پێ بگۆڕن، وە بە غەیری ئەو حوکم و دادوەریان دەكرد ، ئەو جولەکانە ئەمە کاریانە کەچی دڵی خۆیان خۆش دەکەن کە خوای گەورە لە تاوان و گوناھەکانیان خۆش دەبێت، خۆ ئەگەر جارێکی تر کەل و پەل و کاڵایەکی وەک ئەوەیان دەست بکەوێت جار لە دوای جار وەری دەگرن و ھیچ گوێ بەحەرامی و حەڵاڵی نادەن، ئایا خوای گەورە پەیمان و بەڵێنی لەوان وەرنەگرت کە جگە لە ھەق و ڕاستی ھیچی تر نەڵێن بێ ئەوەی ھیچ شتێک تێک بدەن و ھیچ شتێکیش بگۆڕن؟ وە نەبێت ئەو کارەیان لە نەزانین و جەھلەوە بێت، نەخێر بەڵکو لە زانینەوە ئەوەیان دەکرد، ئەوەی لە تەوراتدا بوو خوێندبویانەوە، وە چاکیش شارەزای حوکمەکانی بوون، بۆیە گوناھی ئەوان گەورەتر بوو، ماڵەكەی تر و ڕۆژی دوایی کە پڕیەتی لە ناز و نیعمەتی ھەمیشەیی و نەبڕاوە بۆ خواناسان و لە خواترسان، ئەوانەی فەرمانەکانی خوا جێ بەجێ دەکەن و دوور دەکەونەوە لە ڕێگریەکانی، باشتر و خاسترە لەتام لەزەتی کاتی ژیانی دونیا، ئایا ئەوانەی کەسەرگەرمی کۆکردنەوەی کەلو پەلی بێ نرخی دونیان نازانن و بیر ناکەنەوە ئەوەی خوای گەورە ئامادەی کردووە بۆ خواناسان لە ڕۆژی دواییدا باشترو ھەمیشەیی ترە لەوەی لە ژیانی دونیادا ھەیە؟!

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە

سورة الأعراف 7:169 · Tlawati