سورەت 35 · جوزء 22

سورة فاطر · 35:37

وَهُمْ يَصْطَرِخُونَ فِيهَا رَبَّنَا أَخْرِجْنَا نَعْمَلْ صَالِحًا غَيْرَ الَّذِي كُنَّا نَعْمَلُ ۚ أَوَلَمْ نُعَمِّرْكُمْ مَا يَتَذَكَّرُ فِيهِ مَنْ تَذَكَّرَ وَجَاءَكُمُ النَّذِيرُ ۖ فَذُوقُوا فَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ نَصِيرٍ

ئه‌وانه گریه‌و زاری و هاوارو قیژه‌و ناڵه‌یان له‌ناو دۆزه‌خدا لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و به‌که‌ساسیه‌وه ده‌ڵێن په‌روه‌ردگارا: ده‌رمان بهێنه‌و ڕزگارمان بکه له‌م حاڵه‌، مه‌رج بێت کارو کرده‌وه‌ی چاك ئه‌نجام بده‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌ی که جاران ده‌مانکرد، له وه‌ڵامیاندا خوا ده‌فه‌رموێت: ئایا ئه‌وه‌نده ته‌مه‌نمان پێ نه‌به‌خشین؟ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بیرێك بکاته‌وه تیایدا بیربکاته‌وه؟! بێدارکه‌ره‌وه‌شتان بۆ هات، (دیاره هه‌موویان خه‌جاڵه‌ت و سه‌رشۆڕده‌بن و قسه‌یان نامێنێت)، بۆیه پێیان ده‌وترێت: که‌واته ده بچێژن سزای دۆزه‌خ، چونکه سته‌مکاران هیچ پشتیوانێکیان نیه‌.

تەفسیر

ئەوان لەناو ئاگری دۆزەخدا پر بە گەرووی خۆیان ھاوار دەکەن و دەپارێنەوە و دەڵێن: ئەی پەروەدرگارمان لەم ئاگرە دەرمان بھێنە بۆ ئەوەی کار و کردەوەی چاک بکەین، جیاواز لەو کار و کردەوەی لە دونیا دەمانکرد، تاوەکو ڕەزامەندی تۆ بەدەست بھێنین، و سەلامەت بین لە سزای تۆ، اللە تەعالا وەڵامیان دەداتەوە و دەفەرموێت: ئایا تەمەنمان درێژ نەکردن ھێندەی ئەوەی دەیەوێت بیر بکاتەوە تێیدا بیر بکاتەوە، وە تەوبە بکات لە گوناھەکانی و بگەڕێتەوە بۆ لای اللە تەعالا و کار و کردەوەی چاک ئەنجام بدات، وە ئایا پێغەمبەریشتان بۆ نەھات تاوەکو بتانترسێنێت لەسزای اللە تەعالا؟! ھیچ بەڵگەتان بەدەستەوە نییە، وە لەدوای ھەموو ئەمانە ھیچ بڕوبیانوویەکیشتان نییە، جا بۆیە سزای ئاگر بچەژن، ئەوەی ستەمکارە لەنەفسی خۆی و بێباوەڕ بووە و گوناھ و تاوان و سەرپێچی ئەنجامدان ھیچ پشتیوانێکی نییە کە بتوانێت ڕزگاری بکات لە سزای اللە تەعالا، یان کەمێکی لەسەر سووک بکات.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە