سورەت 3 · جوزء 4

سورة آل عمران · 3:152

وَلَقَدْ صَدَقَكُمُ اللَّهُ وَعْدَهُ إِذْ تَحُسُّونَهُمْ بِإِذْنِهِ ۖ حَتَّىٰ إِذَا فَشِلْتُمْ وَتَنَازَعْتُمْ فِي الْأَمْرِ وَعَصَيْتُمْ مِنْ بَعْدِ مَا أَرَاكُمْ مَا تُحِبُّونَ ۚ مِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الدُّنْيَا وَمِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الْآخِرَةَ ۚ ثُمَّ صَرَفَكُمْ عَنْهُمْ لِيَبْتَلِيَكُمْ ۖ وَلَقَدْ عَفَا عَنْكُمْ ۗ وَاللَّهُ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ

سوێند بێت، خوا به‌ڵێنی خۆی بۆ ئێوه به‌ڕاستی برده‌سه‌ر (له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی ئوحود)دا، هه‌ر به‌مۆڵه‌ت و یارمه‌تی ئه‌و، (دوژمنانتان) به‌گیر هێناو تێکتان شکاندن، هه‌تا ئه‌وکاته‌ی که ساردیی ڕووی تێکردن و بوو به کێشه‌تان له‌سه‌ر هه‌ندێک شت و یاخی بوون (له فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) سه‌نگه‌رتان چۆڵ کرد) دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک شتی نیشاندان که حه‌زتان لێده‌کرد، هه‌تانه دنیای ده‌وێت و هه‌تانه قیامه‌تی مه‌به‌سته‌، له‌وه‌ودوا ده‌ستی ئێوه‌ی کۆتاکرد (له دوژمنان) تا تاقیتان بکاته‌وه‌، سوێند بێت، به‌ڕاستی خوا چاوپۆشی لێکردن و لێتان خۆشبوو و خوا فه‌زڵ و ڕێزی هه‌یه بۆ ئیمانداران.

تەفسیر

ئەو پەیمان و بەڵێنەی کە خوای گەورە پێی دابوون لە ڕۆژی ئوحوددا بەجێی ھێنا و سەری خستن بەسەر دوژمنەکانتاندا، کاتێک ئێوە بەیارمەتی خوا بە توندی لەگەڵیان جەنگان، تا ئەو کاتەی ئێوە تووشی سستی و لاوازی بوون و خۆتان ڕانەگرت لەبەرامبەر ئەو فەرمانەی کە پێغەمبەری خوا پێی کردبوون، وە جیاوازی کەوتە نێوانتانەوە کە ئایا لەجێگا و شوێنەکانی خۆتان بمێننەوە یان بەجێی بھێڵن و بچن بۆ کۆکردنەوەی غەنیمە و دەستکەوتەکانی شەڕ، ئەوە بوو سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەرتان کرد کە فەرمانی پێکردبوون بەھەموو شێوەیەک لەجێگای خۆتان بمێننەوە، ئەمەش دوای ئەو سەرکەوتنەی بەسەر دوژمنەکانتاندا کە حەزتان پێی بوو خوای گەورە پێی پیشاندان، بەڵام ھەندێکتان حەزی بە دەستکەوتەکانی دونیا ھەبوو، ئەویش ئەوانە بوون کە شوێن و جێگاکانی خۆیان بەجێھێڵا، وە ھەندێکی تریشتان پاداشتی دواڕۆژیان ویست، ئەویش ئەوانەتان بوون کە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی پێغەمبەر بوون و شوێن و جێگاکانی خۆیان بەجێ نەھێڵا و چۆڵیان نەکرد، پاشان ئەوە بوو خوای گەورە داینە دەست ئەوان و ئەوانی سەرخست بەسەرتاندا، بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، بۆ ئەوەی باوەڕداری خۆڕاگر لەسەر بەڵا و ناڕەحەتییەکان بەدیار بکەوێت لەو باوەڕدارەی کە ھەڵخلیسکا و دەرونی لاواز بوو، بەڵام خوای گەورە لەو سەرپێچییەی کە کردتان لەبەرامبەر فەرمانی پێغەمبەرەکەی لێتان خۆش بوو، چونکە خوای گەورە خاوەنی فەزڵی گەورەیە بەسەر باوەڕدارانەوە کاتێک ڕێنوێنی کردوون بۆ سەر ئیمان و باوەڕ، وە لەتاوان و گوناھەکانتان خۆش بوو، وە لەسەر ئەو ناخۆشی و ناڕەحەتیانەش دووچارتان بوو پاداشتی خێری دانەوە.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە