سورەت 2 · جوزء 1

سورة البقرة · 2:85

ثُمَّ أَنْتُمْ هَٰؤُلَاءِ تَقْتُلُونَ أَنْفُسَكُمْ وَتُخْرِجُونَ فَرِيقًا مِنْكُمْ مِنْ دِيَارِهِمْ تَظَاهَرُونَ عَلَيْهِمْ بِالْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَإِنْ يَأْتُوكُمْ أُسَارَىٰ تُفَادُوهُمْ وَهُوَ مُحَرَّمٌ عَلَيْكُمْ إِخْرَاجُهُمْ ۚ أَفَتُؤْمِنُونَ بِبَعْضِ الْكِتَابِ وَتَكْفُرُونَ بِبَعْضٍ ۚ فَمَا جَزَاءُ مَنْ يَفْعَلُ ذَٰلِكَ مِنْكُمْ إِلَّا خِزْيٌ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يُرَدُّونَ إِلَىٰ أَشَدِّ الْعَذَابِ ۗ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ

له‌وه‌ودوا ئێوه هه‌ر ئه‌وانه‌ن (ئاماژه‌یه بۆ جووله‌كه‌كانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم)خه‌ریكی یه‌كتركوشتنن، ده‌سته‌یه‌ك له (خزمانی) خۆتان له ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كه‌ن پشتی یه‌كتر ده‌گرن دژ به ده‌سته‌یه‌كتان به تاوان و دوژمنایه‌تی، كه‌چی ئه‌گه‌ر به‌دیلی ده‌ستی دوژمن بكه‌وتنایه ئه‌وا ئێوه فیدیه‌تان بۆ ده‌دان و ئازادتان ده‌كردن، له حاڵێكدا ده‌ربه‌ده‌ركردنه‌كه‌یان له‌سه‌رتان حه‌رامه‌، كه‌وابوو چۆن ده‌بێت باوه‌ڕتان به به‌شێكی (ته‌ورات) هه‌بێت و به‌شێكی تری باوه‌ڕتان نه‌بێت؟ ئایا پاداشتی ئه‌وه‌تان كه ئه‌وكاره ده‌كات جگه له‌سه‌ر شۆڕیی و سووكی نه‌بێت له ژیانی دنیادا هیچی تر هه‌یه‌؟ له ڕۆژی قیامه‌تیشدا ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ ناو سه‌ختترین سزا، خوایش بێ ئاگانیه له‌و كارانه‌ی كه ئێوه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

تەفسیر

بەڵام پاشان ئێوە سەرپێچی ئەو پەیمان وبەڵێنەتان کرد، دەستان کرد بەیەکتر کوشتن، ودەرکردنی یەکتر لە ووڵات وشوێنی خۆتان بە پاڵپشتی دوژمنەکانتان بەزوڵم وزۆر ودەست درێژی، وە کاتێکیش دیل وئەسیرێکتان لێگیرا ھەمووتان ھەوڵ دەدەن فدیەی بۆ کۆبکەنەوە و ڕزگاری بکەن لە دیلیەتی، لە کاتێکدا وەدەرنان ودەرکردنی ئەوان لەسەرتان حەرام وقەدەغە کرابوو، کەوا بوو چۆن ئێوە باوەڕتان بە ھەندێک لە تەورات ھەیە کە واجبی کردووە لەسەرتان فدیەی دیلەکان بدەن، وە بێباوەڕیشن بە ھەندێکی تری تەورات کە داوای لێکردوون پارێزگاری لەسەر گیان وماڵو سامانی یەکتر بکەن وقەدەغەی کردوون کە یەکتری لە شوێن وجێگا وڕێگای یەکتر دەربکەن، پاداشتی کەسێک ئا بەو شێوەیە بێت سەر شۆڕێ وڕسوای دونیا و سزای سەختی ڕۆژی دواییە، وە بێگومان خوای گەورە بێ ئاگا نیە لەو کارو کردەوانەی ئەنجامی دەدەن، بەڵکو ئاگاداری ھەموویەتی و لەسەر ھەموویشی لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەکات وپاداشتان دەداتەوە.

لە خوێنەردا بکەرەوە - سورەتەکە بە تەواوی بخوێنە